٦ ئەیلوول ٢٠١٦ - ٠٥:١٠
داوای ئێراق لە ڕێکخراوی نەتەوەکان

ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی ئێراق لەدیدار لەگەڵ یان کوبیچ نوێنەری سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە بەغدا، داوای لەو ڕێکخراوە کرد ، لە گەڵاڵەی پێشنیارکراوی ئێڕاق سەربارەت بە تاوان لەقەڵەم درانی ئەندێشەی تەکفیریی و بلۆکە کردنی سەرچاوە دراڤییەکانی ، بەمەبەستی پێش گرتن بە پەرەی تیرۆریزم، داکۆکی بکات.

یان کوبیچیش بەپێداگری لەسەر داکۆکی لە ئێراق لەبەرەوڕووبوونەوەی تیرۆریزم، وتی: ڕێکخراوی نەتەوەکان، بەرەنگاربوونەوی ئەندێشەی تەکفیری و بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵیدا، بە پێویست و زەرووری دەزانێ.

ئێراق و سووریا ئێستا لەهێڵی پێشەوەی شەڕی ڕاستەقینەی تیرۆریزمی تەکفیری-داعشی دان. داعش بە بوودجەی دراڤی و ئیمکاناتی چەکئامێریی هەندێ وڵاتی ڕۆژاوایی و عەرەبی پێکهات. ئەگەر یارمەتیی وڵاتانی ڕۆژاوایی و خونکارانی کۆنەپەرستی ناوچە نەبوایە، داعش نەیدەتوانی هەوڵە ڕەشەکوژانەکانی لەناوچەدا پەرەپێ بدات. بۆیە، وەزیری دەرەوەی ئێراق جەختی لەوە کردەوە کە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم پێویستی بە هەوڵی هەموو وڵاتان و دەم و دەزگە جیهانی و ناوچەییەکان هەیە. هەڵبەت هەندێ هەوڵیش لە ڕێکخراوی نەتەوەکان دراوە بەڵام شێلگیرانە پێوشوێن نەگیراوە. نزیک بە دوو ساڵ لەمەوبەر ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان بەپەسەندکردنی بڕیارنامەی٢١٧٠ ، پێی داگرت لەسەر چەکداماڵین و هەڵوەشانی هەموو گرووپەکانی سەر بە ئەلقاعیدە لەوان، گرووپی تیرۆریستیی-تەکفیریی داعش. لە چوارچێوەی بڕیارنامەی٢١٧٠دا، بایکۆت سەپێندران بەسەر کەسانێک کە خەڵک ڕادەکێشن بۆ نێو گرووپە ڕەشەکوژەکان ، یان لەوان داکۆکی دراڤی دەکەن و بۆ ئەو گرووپانە شەڕ دەکەن، پێوشوێن دەگیردرێ.

بەبڕوای ژمارێک شارەزای سیاسی، بێتوو بەشیاوی و ڕاست بێژانە بڕیارنامەی٢١٧٠ی ئەنجومەنی ئاسایش لەدژ گرووپە ڕەشەکوژەکان جێ بەجێ بکرێ، پێش دەگیردرێ بە داکۆکییە دراڤییەکان و ڕاکێشرانی هێز بۆ نێو ئەو گرووپانە. ئەوە لەکاتێکدایە کە کردەوەی دوژمنکارانەی هەندێ لایەن بۆ وێنە، ژمارێک وڵاتی ئوروپایی و بەتایبەت ئەمریکا بووەتە هۆی جێ بەجێ کرانی ناتەواوی بڕیارنامەکە. بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی تەکفیری بۆ وێنە داعش ، پێویستی بە بەرەوڕووبوونەوەی تیرۆریستان بەدەر لە کایە سیاسییەکانە. لەو ئاراستەدا، بەتاوان لەقەڵەم درانی بیروهزری تەکفیری بە گیرانەبەری ڕاوتەگبیری توند، پێش دەگرێ بە پەرەسەندنی ئەو ئەندێشەیە. کردەی بژارەیی و تەنیا پەسەندکرانی بڕیارنامە لە ئەنجومەنی ئاسایش بەدژ داعش، بەئامانجی پاسادرانی بیروڕای گشتی، نەک هەر یارمەتیدەر نەبووە بۆ بنبڕکرانی تیرۆریزم بەڵکوو جم و جۆڵی تاوانکارانەی گرووپە ڕەشەکوژەکان بەتایبەت داعشی پەرەپێداوە. کردەی وەک، کەڵک وەرگرتن لە تیرۆریستانی بیانی، مرۆڤ ڕفێنی و ئێعدامی کەسانی سیڤیل و کوشتاری ڕێبەرانی مەزهەبی وژنان و منداڵان ، تەنیا بەشێکە لە تاوانکارییەکانی گرووپی ڕەشەکوژی داعش. جێ بەجێ کرانی سەرکەوتووانەی بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکان لەدژ تیرۆریزم گرێدراوی هاواهەنگی لایەنەکانی هاوبەش لە ئیئتلافە جیهانییەکان لەگەڵ بەغداو دەمشق سەبارەت بە ئەنجامدانی هەرچەشنە کردەیەک لە سووریا و ئێراقە. ئەو ڕاستییە، لای بەرپرسانی ڕێکخراوی نەتەوەکانەوە گرینگەو ڕاوێژکاریی کاربەدەستانی ڕێکخراوی نەتەوەکان لەگەڵ بەرپرسانی ئێراقی لەمەڕ پەرەی هاوکارییەکان سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، سەلمێنەریەتی.

بەرپرسانی ئێراقی بە پێبەندبوون بە بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکان داوایان لە کاربەدەستانی ڕێکخراوی نەتەوەکان کردووە، وێڕای جێ بەجێ کردنی بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکانی دژ بە تیرۆریزم و بەتاوان لەقەڵەم دانی بیروهزری تەکفیری، وڵاتانی لایەنگری ئەو بیرۆکانە بەتایبەت عەرەبستان و گشت حکومەتە کۆنەپەرستەکانی عەرەب لەناوچە بخەنە بەر لێپێچینەوە.